728x90 AdSpace

دواین هەواڵ

الجمعة، 19 يونيو 2015

رەخنە لە لیژنەكانی وەزارەتی تەندروستی دەگیرێ


مردنی هاونیتشیمانییەك لە رانیە دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە، دیسانەوە مشت و مڕی هەڵەی پزیشكیی هێنایەوە نێو باس، ئەو مشتومڕەی كە تێیدا هەریەك لە پزیشك و نەخۆش خۆیان بە قوربانیی دەزانن.


هەڵەی پزیشكیی وەها پێناسەكراوە كە مردن یان زیانپێگەیشتنی كەسێكە بەهۆی حاڵەتێكی تەندروستیی كە دەكرا رێگەی لێبگیرێ. ئەوەش لە ئەنجامی كەموكوڕیی لە دەستنیشانكردن و چارەسەر و چاودێریی تەندروستیی كەسەكە. 

چیرۆكی دواهەمین قوربانیی لە كوردستان


رۆژی 6ی ئەم مانگە ژنێكی تەمەن 44ساڵ بەناوی سۆری عومەر قادر پیشەی ژنی ماڵ دانیشتوی گەڕەكی ئازادی دوو لە نێوەندی شارۆچكەی رانیە بە هۆی دوگیان بونیەوە لە 6/6/2015 دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی منداڵان و منداڵبونی ڕانیە بەڵام بەهۆی خوێن بەربونی بەهێزەوە گیانی لەدەست دا.


 سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی ئەو ژنە مردووە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكەین گووتی" سۆری ڕۆیشت بۆلای پزیشك دواتر كەمێك دەرمانی وەرگرت و نێردرا بۆ نەخۆشخانە بۆئەوەی بخەوێت و منداڵێكی مردووی ببێت، پێیان گوت بڕۆ تا ژان دەتگرێت، بەڵام تووشی خوێنبەربوون هات و نەخۆشەكەمان مرد دكتۆرەكان بەباشی كاری خۆیان نەكرد و بە هانایەوە نەچوون كە پێشتر بەكاری خۆیان هەستابان و چارەسەری پێویستی بۆ كرابایە كۆرپەو دایكەكە زیندوودەبوون".


لە گێڕانەوەی كەس و كاری نەخۆشەكەوە وا دەردەكەوێت كە ئەو هاونیشتیمانییە بە كەمتەرخەمیی پزیشك مردووە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیش گێڕانەوەیەكی تایبەتیی خۆی هەیە.


د.خالیس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چیرۆكی ئەو خاتوونە بە (رووداو)ی گوت "لیژنەیەكمان دروست كردو بە دواداچونمان كرد بەڵام دەركەوت كە نەخۆشەكە لە كاتی دووگیانیدا خۆی كەمتەرخەم بووە نەوەك پزیشكەكانی رانیە ، كە گەیشتۆتە نەخۆشخانەش پزیشكی ئێشكگر بەدەوریەوە بووەو كاری خۆی كردوە، بەڵام پێشئەوەی دایكەكە بگاتە نەخۆشخانە كۆرپەكەی لە سكیدا مردووە دواتریش دایكەكە توشی جۆرێك لە خوێنبەربوون بووەو گیانی لەدەستداوە".


پزیشكەكانیش گلەییان هەیە


پزیشكەكان دەڵێن هەركاتێك هەڵەیەكی پزیشكیی لە كوردستان روودەدات، خەڵك و مێدیاكان هەڵەكە دەگشتێنن و سەراپای پزیشكەكان و سیستمەكە سفر دەكەن.


ئەو پزیشكانەی لەڕێگەی (رووداو)ەوە گلەییەكانی خۆیان گەیاندە نەخۆشیی كوردستان، بەگشتی ئەم پەیامانەیان هەبوو:


1-نەخۆشەكان سێ شت تێكەڵ دەكەن، لەكاتێكدا جیاوازن، ئەوانیش (ئاڵۆزبوونی نەخۆشیی و پرۆسەی چارەسەری، كەمتەرخەمیی پزیشك، خراپ پراكتیزەكردنی پیشەی پزیشكی).


2-نەخۆشی كوردستان هەموو كەموكورتییەكانی كەتر تەندروستیی دەخاتە ئەستۆی پزیشك.


3-بە چاوێكی كەمەوە تەماشای پزیشك و نەخۆشخانەكانی كوردستان دەكەن.


4-چەند ساڵێكە دەرمانێك دەخوات، كە لێی دەپرسی نازانێ ناوی چییە، چ جای وردەكاری دیكە لەبارەیەوە.


5-دەرمانی بۆ دەنووسیت یەك دەنكی لێ خواردووە، دەڵێ دەرمانەكە بێكەڵكە و باش نەبووم.


6-داواكردنی پشكنین لەسەر خواستی خۆیان، نەك پێویستیی حاڵەتەكەیان.


7-كاتێك كارمەندێك یان پزیشكێك هەڵەیەك دەكات، دەكەونە وێزەی سەرجەم پزیشكانی كوردستان.


8-حاڵەتی فریاكەوتن و سارد لێك ناكەنەوە، كاژێر 2ی شەو دێنە بەشی فریاكەوتن تەنیا لەبەر هەڵامەتێك و دەبێت بە خێراییش كاریان بۆ بكرێ!


9-زۆركات هاوەڵی نەخۆش دەبێتە سەرچاوەی گرفت، نازانێ ئەركەكانی خۆی لە بەرامبەر نەخۆشەكەی و ستافی پزیشكیی جێبەجێ بكات.


"لیژنەكان تەنیا پزیشكیان تێدایە و مافی نەخۆش دەخورێ"


لەگەڵ روودانی هەر گرفتێكدا، وەزارەتی تەندروستیی لیژنەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون پێكدێنێ.


كەسوكاری ئافرەتە قوربانییەكە بەمشێوەیە باسی رووداوەكانی دوای گیانلەدەستدانی سۆری دەكەن " لە دادگا داوامان لەسەر پزیشكێك تۆمار كرد بەڵام وەزارەتی تەندروستی بۆخۆی لیژنەیەكی دروست كردو بە دواداچونێكی تاك لایەنەی كرد بۆ رووداوەكە، بێئەوەی بگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی وتەی ئێمە كەیسەكەیان داخست و پزیشكە كەمتەرخەمەكان بوون بە بەرزەكی بانان، بۆیە وامان دەبینی كە یاسا بونی لاوازە بەرامبەر بە دەست ڕۆیشتوەكان".


بەڵام وەزارەتی تەندروستی رەتیدەكاتەوە لیژنەكانیان تەنیا لە پزیشكەكان پێكبهێنرێن.


د.خالیس قادر لەو بارەیەوە بۆ (رووداو) گوتی "لیژنەكانی ئێمە تەنیا پزیشكەكان نین، بەڵكوە نوێنەری داواكاری گشتیی تێدایە، كە نوێنەری خەڵك و نەخۆشیشە، هەروەك كەسانی پەیوەندیداریشی تێدایە و لیژنەكان بە تەواوی گوتەی نەخۆش و كەس و كاریان وەردەگرێ و تۆماریان دەكا".


پسپۆڕێكی سیستمی تەندروستیش كە نەیویست ناوی لەم راپۆرتەدا بهێنرێ، دەلێت دۆخی تەندروستیی كوردستان بە جۆرێك پێنەگەیشتووە كە رێكخراوگەلی بەرگری لە مافی نەخۆش و پزیشك و كۆمپانیای دابینكەری دڵنیایی تەندروستیی هەبن، كە پێویستە هەر سێ لایەن لەو لیژنانەدا هەبن.

"هەڵەی پزیشكی لە كوردستان كەمترە"




بەپێی تویژینەوەیەكی جیهانیی كە 17ی دیسەمبەری 2014 بڵاوكرایەوە، لەساڵی 2013 دا ژمارەی ئەوانەی لە سەرتاسەری جیهان بە هەڵەی پزیشكیی مردوون گەیشتۆتە 142 هەزار كەس.


بەپێی توێژینەوەیە ئەمریكییەكانیش ساڵانە زیاتر لەنێوان 40-98 هەزار كەس گیانلەدەستدەدەن و ملیۆنێك كەسیش زیانیان پێدەگات بەهۆی هەڵەی پزیكییەوە بە مانا فراوانەكەی. هەروەك لە بریتانیاش وەها خەمڵێنراوە ساڵانە بەهۆی هەڵەی پزیشكییەوە 850 هەزار كەس زیانی ناپێویستیان پێدەگات و ئەوەش زیانی 2 ملیار پاوەندی بریتانی دەنێتەوە.


وەزارەتی تەندروستی دەلێت ئەو هەڵە پزیشكییانەی لە كوردستان دەكرێن، لەچاو وڵاتانی دیكە كەمترن.


د.خالیس قادر بۆ (رووداو) گوتی "هەڵەی پزیشكیی لە كوردستان هەیە، لەبەر نەبوونی ئامارێكی وردیش ناتوانین بەراوردێكی زانستییانەی نێوان كوردستان و وڵاتانی دیكە بكەین. بەڵام ئەگەر ئەو زانیارییانە بەكاربهێنین كە ئێستا بەردەستن، ئەوا هەڵەی پزیشكیی لە كوردستان لە وڵاتانی دیكە كەمترە و راددەی كوشندەییشیان كەمترە".


بەڵام شارەزاكەی سیستمی تەندروستیی وای نابینێ هەڵەی پزیكیی لە كوردستان كەمتر بێت لە وڵاتانی دی. "هەڵەی پزیشكیی هەر ئەوە نییە كەسێك لە نەخۆشانە بمرێ، بەڵكو دەرمانی پێویستی پێنەدرێ، وەك پێویست تێنەگەیێنرێت لە بەكارهێنانی دەرمان، تووشی هەوكردنێكی دیكە بێت لە نەخۆشخانە و چەندین وردەكاریی دیكە. بەڵام لای خۆمان ئەوە تۆمار ناكرێ".


ئەو هەروەها گوتیشی كە دەبێ هەفتانە و مانگانە نەخۆشخانەكان ناچاربكرێن ئاماری مردن و پەككەوتن و ئاڵۆزبوونی دۆخی نەخۆشەكانیان ئاشكرا بكەن. "نەك بۆ ناوزڕاندنی نەخۆشخانە و پزیشك، بەڵكو بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت گرفتەكان بدۆزرێنەوە و بنەبڕ بكرێن".


ئەو دەڵێت وەك چۆن نەخۆش بەدەست نەبوونی رێكخراوی داكۆكیكارەوە دەنالینێ، پزیكی كوردستانیش هەمان گرفتی هەیە. "لە وڵاتان كاتێك پزیشكێك تووشی هەڵەیەك دەبێت و داوای قەرەبووی لێدەكرێ، لە گیرفانی خۆی نایدا، بەڵكو ئەو رێكخراوە بۆی دەدات كە بەرگری لێدەكات و مانگانە ئابوونەیەكی لێوەردەگرێ".


"تێكەڵیی كەرتی تایبەت و گشتی تاوانبارن"


لە كەیسەكانی وەك سۆری و ئەوانی دیكەدا، باس لەوە دەكرێ كە پزیشكی پسپۆڕ چاودێریی نەخۆشەكەی نەكردووە و تەنیا پزیشكیی موقیمی لێبووە.


پزیشكێكی پسپۆڕیش نایشارێتەوە كە هەندێك لە پزیشكەكان نەخۆشخانەی حكومی (كەرتی گشتی) لەبەرژەوەندی كلینیكەكانیان (كەرتی تایبەت)بەكاردێنن.


د.سەردەشت تاهیر حەمەد، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و دڵ، بە رووداوی گوت "هەموو ئەو گرفتانە بەهۆی تێكەڵكردنی كەرتی تایبەت و گشتییەوە روودەدەن، دەیان ساڵە كەرتی گشتی بەكاردێت بۆ قەرەباڵخكردنی كەرتی تایبەت، بۆیە كلیلی چارەسەر جیاكردنەوەی كەرتی تایبەت و گشتییە".


وەزارەتی تەندروستیش دەڵێ ئەوانیش دەركیان بەو راستییە كردووە و ئیستا لە هەوڵی چارەسەردان.


د.خالیس قادر لەو بارەیەوە بە (رووداو)ی گوت " لە كاتی ئێشكگریدا هەرپزیشكێك لە رووداوەكان ئاگادار بكرێتەوەو نەڕوات بەدەنگ چارەسەریەوە ئەوا بێگومان توشی لێپرسینەوەی یاسایی و ئیداری دەبێتەوە، بەڵام لە ئێستادا جۆرە سیستەمێك پەیڕەو دەكرێت لە هەموو عیراق نەوەك بەتەنیا لە كوردستان هەرپزیشكێكی پسپۆڕ نۆرەی ئێشكگری بێت دەتوانێ كارێكی تر بكات بەمەرجێك لە هەر رووداوێكدا دەبێت فریای نەخۆش بكەوێت و ئاگادار بكرێتەوە، بەڵام دكتۆری موقیم بەردەوام لە نەخۆشخانەكان هەیە، بەڵام لەبەر تێكەڵاو بونی كار لە كەرتی تایبەت و گشتیدا ئەوانە ڕودەدەن بۆیە خەریكین و داوامان كردوە كە كە ئەوە نەمێنێت، ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە نەخۆش و هاوڵاتی زەرەرمەندی یەكەمە بۆیە لێی ناڕازین و دەمانەوێت باشتری بكەین".


بەپێی راگەیێنراوێكی وەزارەتی تەندروستی ساڵی رابردوو 160 لیژنەی لێكۆڵینەوە پێكهاتووە و كۆی گشتی ئه‌و پزیشك وكارمه‌ندی ته‌ندروستی وكارمه‌ندی كارگێریانه‌ی دراونه‌ته‌ دادگا ژماره‌یان(39) فه‌رمانبه‌ره‌، هه‌روه‌ها كۆی گشتی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه‌ سزا دراون (67) فه‌رمانبه‌ره‌ له‌ پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی و كارمه‌ندی كارگێری.
رسالة أحدث
دواتر
بابەتی دواتر نییە
  • لێدوانی بڵۆگەر
  • لێدوانی فەیسبووك

0 comments:

إرسال تعليق

Item Reviewed: رەخنە لە لیژنەكانی وەزارەتی تەندروستی دەگیرێ Description: Rating: 5 Reviewed By: ramear
Scroll to Top