728x90 AdSpace

دواین هەواڵ

الجمعة، 19 يونيو 2015

دەوڵەتی كوردی بەڕێوەیە؟


ئاڵای کوردستان


رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی دەڵێت لەگەڵ سەرکەوتنی سیاسیی لە تورکیا و سەرکەوتنەکانیان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی و خۆڕێبەرییەکەیان لە کوردستانی عێراق، کورد لە دۆخی سەرکەوتندا دەژین و بیر لە بە دەوڵەتبوونیان دەکەنەوە.



رۆژنامەکە بەم شێوەیە دەست بە شیکارییەکەی دەکات: ئیدی کاتی هەواڵی خۆشە بۆ کوردان، ئەو گەلەی زیاتر لەگەڵ دۆخی تراژیدیا ئاشنان تاوەکو دۆخی سەرکەوتن.



هەفتەی پێشوو لە تورکیا، پارتێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای خەبات بۆ مافەکانی کورد دامەزراوە، توانیی بەربەستی ١٠% بشکێنێ و بگاتە پەرلەمەن، ئەویش دەنگێکی زۆریان دەداتێ بۆ قسەکردن لە سیاسەتی تورکیادا. دوای چەند رۆژێک جەنگاوەرە کوردەکان شارێکی ستراتیژیی سنورییان کۆنترۆڵکرد، کە دەبێتە هۆی یەکگرتنی هەرێمە کوردییەکان لە سووریا.



لە عێراقیش ساڵی رابردوو کوردە بەرپەرچی پەلامارەکانی دەوڵەتی ئیسلامییان دایەوە و سوودیان لە دۆخی هەرەسهێنانی سوپای عێراق وەرگرت بۆ ئەوەی بە تەواوی شاری مشتومڕلەسەری کەرکووک کۆنترۆڵ بکەن و هەموو بیرە نەوتییە گرنگەکانی کۆنترۆڵ بکەن.



لە نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بەهۆی رقوکینەی ئایینییەوە وێران دەبێت، کورد خاڵێکی دەگمەنی رووناک پیشان دەدا و چیرۆکی سەرکەوتنەکەیان پشتیوانی و هاوسۆزیی رۆژئاوای بەدەستهێناوە. بە پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەوە، هەموو بزووتنەوە سەرەکییە کوردییەکان عەلمانی و سەر بە رۆژئاوان.



لە درێژەی بابەتەكەدا هاتووە كە بەهاری عەرەبی، سەرەتای رابوونی كوردان بوو، رابوونێك كە تێكچوونی نوێ درووستدەكات لە سنووربەندییەكانی جاراندا.  رایان كرۆكەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە هەریەكە لە عێراق و سوریا دەڵێت "رووداوەكانی عێراق و سوریا و توركیا بەشێوەیەكی بەرچاو كاریان لە پێگەی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كرد، بەجۆرێك بوونەتە پاڵنەرێكی نوێ بۆ سەربەخۆیی كوردان بەجۆرێك لە جۆرەكان". كرۆكەر هەروەها دەڵێت "سەربەخۆیی كورد رەنگە پارچەبوونێكی هەمیشەیی لە عێراق و سووریا بهێنێتە گۆڕێ و ببێتە رەهەندێكی دیكەی نائارامی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".



دوژمنی دەرەكی و ناوەكی كوردان



وۆڵ ستریت جۆرناڵ، باسی پەیماننامەی سیڤەر و چانسی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، كە دواتر بەهۆی پلانەكانی ئەتاتوركەوە شكستی پێهێنرا و وەهای لێهات ئەتاتورك نكوڵی لە بوونی نەتەوەیەك هەبێ بەنێوی كورد. 



پاشان باسی ناكۆكی نێوخۆیی كوردان دەكات، كە زۆركات هۆكاری لاوازیی پرسی كوردە. بەجۆرێك لە 1982 سەدام حوسێن گوتویەتی كە ئەو ترسی لەبارەی كوردەوە نییە چونكە ئەوان لەنێو خۆیاندا دابەشبوو و ناكۆكن.



پێشكەوتتنەكانی باشوور



رۆژنامەكە ئەزموونی كورد لە باشووری كوردستان بە "موعجیزە" ناودەبات، كە توانیویەتی كۆنترۆڵی كاروباری ناوچە كوردییەكانی عێراق بكات. هەروەك پێشكەوتنەكانی دوای ساڵی 2003 ی هەرێم وەك چیرۆكێكی سەركەوتن هەژمار دەكات، بە بەراورد بە ناوچە وێراونبووەكانی دیكەی عێراق.



هەروەها هاتووە كە ئەوەی كوردستان دەپارێزێ هێزی پێشمەرگەیە و رێگە بە سەربازانی عێراق نادرێت بچنە نێو هەرێمەكە. رۆژئاواییەكانیش بێ ڤیزا دەتوانن بە فڕۆكە بچنە هەولێر. كوردی زمانی قسەكردنە لە هەموو شوێنێك و نەوەی نوێی كوردان ناتوانن بە عەرەبییەكی رەوان قسە بكەن. هەروەك ئاماژە بە ئاڵای كوردستان دەكات كە لەسەر قەڵای هەولێرەوە دەشەكێتەوە.



كۆبانێ وەك ویستگەیەكی گرنگ



رۆژنامەكە دوای باسكردنی سەرەتاكانی كۆنترۆڵكردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن پەكەكەوە، ئاماژە بە هێرشی داعش دەكات بۆسەر شاری كۆبانێ، كە بووە هۆی سەرنجڕاكێشانی هاوپەیمانان بەلای ئەو شارە كوردییەدا. دواتریش كاتێك بە هاوكاریی هاوپەیمانان كوردان توانیان داعش تێكبشكێنن، توانای هێرشیان پەیداكرد و دواتر لەشاری  گرێ سپی ( تەلئەبیەز)یش داعشیان وەدەرنا.



لە راپۆرتەكە كۆبانێ وەك هۆكارێكی كەمكردنەوەی دەنگەكانی ئەردۆغان لە توركیاش ناوبراوە. چونكە پێشووتر بەهۆی چاكسازییەكانییەوە لەبارەی پرسی كورد، ژمارەیەكی بەرچاوی كورد دەنگیان پێدا. بەڵام دوای كۆبانێ هاوكێشەكە گۆڕا و كوردان دەنگیان بە حیزبیكی كوردی دا. 



وۆڵ ستریت جۆرناڵ گوتەی جوتیارێكی كوردی نزیك شاری ئامەدی گواستۆتەوە كە گوتویەتی "لە رابردوو دەنگم بە ئەردۆغان دا، چونكە باسی لە پرۆسەی ئاشتبوونەوە دەكرد، بەڵام دوای كۆبانێ بۆم دەركەوت ئەردۆغان فێڵمان لێدەكات".



هاوكێشەكان گۆڕاون



لە درێژەی شیكارییەكەدا هاتووە كە رووداوەكانی ناوچەكە سوودێكی چاوەڕواننەكراویان بە كورد گەیاندووە و دوژمنەكانی كوردیشیان لاواز كردووە. پارێزەرێكی كورد بەنێوی تاهیر ئاڵچی لە ئامەد گوتویەتی "لە رابردوو كاتێك كورد داوای خۆڕێبەرییان دەكرد عەرەب و تورك و فارس بەجارێك لەدژی دەوەستانەوە. بەڵام ئیدی ئەوە بۆیان دەستنادا، ئیدی شیعەی عێراق و ئێران ناتوانن لەگەڵ سوننەی توركیا و داعش دەست تێكەڵ بكەن بۆ لێدانی كورد. لەم نێوەندەدا كورد بووەتە دەسەڵاتێكی سیاسی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا".



شەڕی تەلئەبیەز (گرێ سپی)



رۆژنامەكە بە گرنگییەوە باسی كۆنترۆڵكردنی گرێ سپی دەكات لەلایەن پەكەكەوە، ئەویش بۆ پێكبەستنەوەی ناوچە كوردییەكان و بڕینی ناوچەیەكی گرنگی هاتوچۆ لە داعش لەنێوان سووریا و توركیادا. هەروەك هاتووە عەلمانییەتی پەكەكە و گرنگیدان بە ژنان لە ریزەكانیاندا، سەرنجی خەڵكی رۆژئاوای راكیشاوە بۆ بەگژداچوونەوەی كردە كۆنەپارێزییەكانی داعش. هەروەك چەندین خەڵكی رۆژئاوایی كە كورد نین روویان لە ریزەكانی جەنگاوەرانی پەكەكە كردووە.



پەكەكە: عەلمانییەكی تاكڕەو



لە شیكارییەكەدا ئاماژە بە تاكڕەویی پەكەكە كراوە، بەوەی لە سووریا چالاكیی حیزبە كوردییەكانی دیكە سنووردار دەكات، بەوانەشەوە كە هاوپەیمانی پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئەو حیزبەی پشكی شێری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.



پارێزەرە كوردەكەی ئامەد گوتویەتی "پەكەكە هەنگاوی گرنگی ناوە بە ئاراستەی دیموكراتیزەبووندا، بەڵام لە هەمانكاتدا لە ناوچە كوردییەكانی سووریا ئەو فرەڕەنگییە حیزبییە نابینی كە لە ناوچە كوردییەكانی عێراق هەیە. ئەوەش بەهۆی ئەو باگراوندە تاكڕەوانە و ماركسیستانەی پەكەكە هەیەتی، ئەوەش گرفتێكی گەورەیە".



ناكۆكی ناوخۆیی كوردان



لە بابەتەكەدا هاتووە كە دابەشبوونە سیاسییەكانی ناو كوردان لەمپەر دەخەنە بەردەم كورد لە هەریەكە لە شەڕی داعش و سەربەخۆیی كوردستاندا. 



مستەفای سەید قادر، وەزیری پێشمەرگە، بە ئاماژەدان بە نەبوونی هێزێكی یەكگرتووی پێشمەرگە گوتویەتی كە ئێستاش پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕیش بەسەر دوو حیزبەكەدا دابەشبوونە.



هەروەك جەلا جەوهەر، بەرپرسی دیاری گۆڕان، گوتویەتی "بارودۆخی دەرەكی ئێستا لە جاران لەبارترە بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام كاروباری نێوخۆییمان بەوجۆرە نییە".



رووداوەكان بە ئاراستەی سەربەخۆیین



رۆژنامەكە دەڵێت هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە بەرامبەر داعش و ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی نەوت رەنگە پاڵ بە كوردەوە بنێت سەربەخۆیی رابگەیێنن. بەغدا تاوەكو ئێستاش موچەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەدات، بەڵام چەندین مانگە موچەی فەرمانبەر و پیشمەرگە كوردەكانی نەناردووە. تەنانەت كورد دەڵێن بەغدا لەمپەر درووستدەكات لە بەردەم هەوڵەكانیان بۆ دەستكەوتنی چەكی باشتر.



نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر گوتویەتی "هەشتا ساڵ عەرەبی سوننە فەرمانڕەوای عێراق بوون و كوردستانیان وێران كرد، ئێستاش وا 10 ساڵە شیعە فەرمانڕەوای عێراقە و مووچە و بودجەمان دەبڕێت، ئیدی چۆن بە هاوبەشی خۆمان هەژماریان بكەین؟ بۆیە هەموو راستییەكانی سەر گۆڕەپانەكە هانی كورد دەدەن سەربەخۆبێت".



هەرچی كەمال كەركووكییە، گوتویەتی "دەوڵەتی عێراق كەوتووە، دەبێ بیر لە چارەیەكی دی بكەینەوە".



ئەمریكا لەگەڵ سەربەخۆیی نییە



رۆژنامەكە لە زاری لێكۆڵەرێكی رۆژئاواییەوە دەڵێت پشتیوانیی ئەمریكا بۆ كوردی عێراق لە شەڕی دژە داعشدا، نابێ وەها تەماشا بكرێ كە ئەمریكا تا ئاستی سەربەخۆیی لەگەڵ كورد دەبێت. 



ئەنتۆنی كۆردێسمان، پسپۆڕی بواری بەرگری لە نێوەندی توێژینەوەی نێودەوڵەتی و ستراتیژی لە واشنتن گوتویەتی "ئەمریكا تا ئاستی سەربەخۆیی پابەند نابێ بەو پشتیوانییانەوە، چونكە ئەوە بۆ دراوسێكانی عێراق برینداركەر دەبێ و بۆ ئەمریكاش ئەو دەوڵەتە سوودێكی ستراتیجیی گەورەی نابێت".



هەرچی گۆنیول تۆل، بەڕێوەبەری نێوەندی توێژینەوەی كاروباری توركیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن گوتوویەتی كە پشتیوانییەكان بۆ كورد لە شەڕی داعشدا زیاتر تاكتیكییە نەك ستراتیژی. "كورد زیاد لە پێویست متمانەیان بەخۆیانە، ئەو پشتیوانییانە ئەوە ناگەیێنن كە هەموو دونیا لەپشتیانە".
  • لێدوانی بڵۆگەر
  • لێدوانی فەیسبووك

0 comments:

إرسال تعليق

Item Reviewed: دەوڵەتی كوردی بەڕێوەیە؟ Description: Rating: 5 Reviewed By: ramear
Scroll to Top