پێكهێنانی حكومه‌ت له توركیای پاش هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌كانی ساڵی ( 1995) زۆر ئه‌سته‌م بوو، پارتی ره‌فاهـ به سه‌رۆكایه‌تی نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان, براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بوو، به‌ڵام ئه‌و رێژه‌یه‌ی به ده‌ستنه‌هێنا كه بتوانێت به ته‌نها حكومه‌ت پێكبهێنێت، بۆیه هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ پارتی رێگه‌ی ڕاست به سه‌رۆكایه‌تی تانسۆ چیلله‌ر پێكهێنا و حكومه‌ته‌كه‌یان ناونا رێگای ره‌فاهـ. به گوێره‌ی رێكه‌وتنه‌كه، دوو ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت بۆ ئه‌ربه‌كان و چیلله‌ریش جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری ده‌ره‌وه بوو, دوو ساڵی دووه‌میش به پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتییه‌كه نزیكه‌ی ساڵێكی خایاند، دواتر به‌هۆی بوونی جیاوازییه‌كی زۆر له نێوان به‌رنامه و سیاسه‌تی ئه‌و دوو پارته و سه‌ركرده‌كانیان بەرەو هه‌ڵوه‌شانەوە چوو. قه‌یرانه‌كان گەیشتنە ئاستێک کە ئارته‌شی توركیا پێگەی کلاسیکی خۆی بە کار هێنا و چووه ناو هاوكێشه سیاسییه‌كان و له سه‌ره‌تای ساڵی (1997) حكومه‌ته‌كه‌یان به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه به‌هۆی سیاسه‌ته توندڕه‌وییه‌كانییه‌وه, توركیا به‌ره‌و قه‌یرانی ناوخۆی ده‌بات، هه‌روه‌ها نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كانیش كه سه‌رۆكایه‌تی حیزبی ره‌فاهـ و حكومه‌ته‌كه‌یشی ده‌كرد, به‌هۆی ئایدیۆلۆژیای به‌رته‌سكی پارته‌كه‌ی و ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه ئه‌و پارته بۆ سه‌ر پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بنه‌ماكانی كه‌مالیزم له توركیا درووستی ده‌كرد، له دادگای ده‌ستووری توركیا دادگه‌یی كرا و پارته‌كه‌یشی داخرا. هه‌ر له كۆتایی ساڵی (1997) حكومه‌ته‌كه له‌لایه‌ن سلێمان دیمیرێل سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی توركیا، هه‌ڵوه‌شایه‌وه و مه‌سعود یه‌لماز سه‌رۆكی پارتی دیموكراتیكی چه‌پی توركی، بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی (55)هه‌مینی توركیا راسپێردرا. قه‌یرانه‌كان لە ئاستی هاوپەیمانێتی و ناسەقامگیری حوکم به‌رده‌وام بوون و تا كۆتایی ساڵی (2000) به‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی یه‌لمازیشی به‌رنه‌دا. تا ئێستاس ئه‌و ناسه‌قامگیرییه سیاسییه‌ی لە نەوەدەکان له توركیا درووست بوو، تا ئێستاش وه‌ك نموونه‌یه‌ك ده‌هێنرێته‌وه، بۆ باسكردن له کێشەکانی دیموكراسییه‌تی ته‌وافوقی و پێكهێنانی حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوپه‌یمانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان.
دامه‌زراندنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) له ساڵی (2001) ڕه‌وشی توركیای بۆ ماوه‌ی زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك گۆڕی، ئه‌م پارته نوێیه كه به ئایدیای ئیسلامی مودێرن هاته نێو سپێكترومی سیاسی توركیا، وه‌كو پارتێكی كۆنزێرڤاتیڤی ناسیۆنالیست پاش ئه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتنی له (3) هه‌ڵبژاردنی یه‌ك له دوای یه‌ك له ساڵه‌كانی (2002) و (2007) و (2011) بۆخۆی مسۆگه‌ر كرد و توانی سه‌رۆكایه‌تی (3) كابینه‌ی حكومه‌تی توركیا بكات، ئه‌و وڵاته‌ی له قه‌یرانی ناسه‌قامگیری و ناڕێكی سیاسی ده‌رباز كرد. (ئاكپارتی) گه‌رچی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2015)یشه، به‌ڵام ئه‌و براوه‌یه نییه كه خه‌ونی پێوه ده‌بینی، چونكه خه‌ونی ئه‌وان، مسۆگه‌ركردنی دوو له‌سه‌ر سێی كورسییه‌كانی په‌ڕله‌مان بوو. ئەگەر خەونەکەیان بهاتبایە دی لەوانەیە لەو کاتە کارکردن بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئەو ولاتە بۆیان ئاسانتر دەبوو به‌ڵام نه‌یانتوانی ئه‌و رێژه‌یه‌ی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی توركیا به ده‌ست بهێنن. بۆیه ره‌نگه له‌م ماوه‌یه‌دا، واز له هه‌ندێك له به‌رنامه‌كانی خۆیان بهێنن و خۆیان به درووستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌وه خه‌ریك بكه‌ن، کە ئەمەش ئاسان نییە، و به گوێره‌ی ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان هاتۆته پێشه‌وه، پێده‌چێت سه‌ركه‌وتنی هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئه‌سته‌م بن. له‌لایه‌كی تره‌وه رووداوه‌كانی ئێستای توركیا و ئه‌و هاوكێشه تازه‌یه‌ی كه به هۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه درووست بووه، دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی ناسه‌قامگیرییه‌كانی دوای هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی نێوان پارتی ره‌فاهـ و پارتی رێگه‌ی راستمان بیر دێنێته‌وه، كه ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ده‌ری خست، مه‌رج نییه هاوپه‌یمانێتییه‌كان كۆتایی به قه‌یرانه‌كان بهێنن، به پێچه‌وانه‌وه ره‌نگه قه‌یرانه‌كان قوڵتر بكه‌نه‌وه و دواجار ئاڵۆزتریشی بكه‌ن، به تایبه‌ت له ئێستادا ئه‌وه‌ی كه له پارته براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وڵاته ده‌بیسترێن و ده‌بینرێن، چ له ڕووی ئایدیۆلۆژی و ئه‌جێندای سیاسییه‌وه و چ له ڕووی كاریزما و كه‌سایه‌تییه‌كانییانه‌وه, هه‌ست به ڕه‌خساندنی ئه‌و بواره ناكرێت، كه بتوانن هاوپه‌یمانێتییه‌كی ته‌ندرووست و ئاسان درووست بكه‌ن.
(ئاكپارتی) به (68) كورسی كه‌متر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2011) و (18) كورسی كه‌متر بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی زۆرینه، ئێستا بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت، كۆمه‌ڵێك بژارده و سیناریۆی له به‌رده‌مدان، كه هه‌ر كامیان كۆمه‌ڵێك كێشه و گرفتیان پێوه ئاڵاون، یه‌كێك له بژارده و سیناریۆكان، وه‌ك (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی) سه‌رۆكی (مه‌هه‌په) باسی كرد ئه‌وه‌یه، (ئاكپارتی) هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ (هه‌ده‌په) ده‌كات، بژارده‌ی دووه‌م (ئاكپارتی+هه‌ده‌په+ جه‌هه‌په) ده‌بێت. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌م سیناریۆیانه سه‌رییان نه‌گرت، توركیا دوای تێپه‌ربوونی (45) ڕۆژ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌دات، كه ڕه‌نگه ئه‌و ئه‌گه‌ره‌یان زیاتر نزیك بێت، چونكه (هه‌ده‌په) هه‌ر پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان، ره‌تی كرده‌وه له‌گه‌ڵ (ئاكپارتی) بچیته نێو هاوپه‌یمانێتییه‌وه. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه (جه‌هه‌په)یه، به‌ڵام جیاوازی بنه‌ڕه‌تی له نێوان (جه‌هه‌په) و (مه‌هه‌په) له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌وه‌یه، كه جەهەپە دژی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته و مەهەپە له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یه و به ئاشكرایش باسی لێوه كردووه. سیناریۆیه‌كی تریش كه سیناریۆیه‌كی لاوازه ئه‌وه‌یه، حكومه‌تی كه‌مینه پێكبهێنرێت. ئه‌مه‌یش به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی ئێستای توركیا و باكگراوندی كه‌لتوری و سیاسی ئه‌و وڵاته، حكومه‌تێكی سه‌قامگیر نابێت. بە دڵنیاییەوە زیانەکانی تورکیایێکی ناسەقامگیر، بۆ خۆی و دراوسێکانی، لە سوودەکانی زۆرتر دەبن
0 comments:
إرسال تعليق